جه‌ژنی خۆم ده‌گرم و به‌خۆمدا هه‌ڵده‌ڵێم، ئەوەی مه‌زنده‌ی منە دەبێتە مه‌زنده‌ی تۆش، چونکه هه‌ر گه‌ردیله‌یه‌ک هی من بێ، هی تۆشه. بێکارە دەخولێمەوە و گیانی خۆم بانگێشت ده‌که‌م، بێ ئەوەی ئامانجێکم هەبێ، بەشێنەیی دادێمه‌وه و سه‌رنجی لاسکهگیایهکی هاوینی ده‌ده‌م. زمانم، هه‌ر گه‌ردیله‌یه‌کی خوێنم، له‌م خاکوخۆڵه، له‌م هه‌وایه گووران. خۆم لێره له دایک بووم، دایک و باوکم، داپیر و باپیرم، دایک و باوکی داپیر و باپیریشم لێره هاتنه دنیا. ئێستاش، که ته‌مه‌نم سیوحه‌وت ساڵه و له‌وپه‌ڕی لهشساخیدام، ده‌ست به گۆرانییه‌که‌م ده‌که‌م و به ئومێدیشم تا مردن لێی نه‌بمه‌وه. با ڕێباز و قوتابخانه‌کان وچانێک بدەن، با بێنێک خۆیان گۆشەگیر کەن، با به‌وە قایل بن که هه‌یانه و بزانن، کە هەرگیز لە بیر ناچنەوە، سروشت، باش بێ یا خراپ، من داڵدەی دەدەم، ئازادی دەکەم، تا بە ئارەزووی خۆی وزه ڕه‌سه‌نه‌که‌ی بێنێته گۆ.