ماڵان، ژوور به ژوور، نوقمی بۆن و بەرامەن، ده‌لاقه و ڕهفکهکان لێوانلێوی گوڵاون، من، به‌ش به حاڵی خۆم، بۆن و بهرامەکانی گوڵاو هه‌ڵده‌مژم، ئاشنایانم و خۆشم ده‌وێن، گوڵاوگرتنەوە ده‌توانێ مه‌ستم بکا، به‌ڵام ڕێی نادەم. هه‌وا گوڵاو نییه، نە تامی گولاوگرتنەوەی لێ دێ، نە بۆن و به‌رامه‌ی هەیه، بۆیێ ده‌مه‌وێ هه‌تا هه‌تایێ هه‌ر بینی پێوه نێم، من ئەوینداری ئه‌وم، وا دەچمە قه‌راخ ده‌ریا، ڕۆخ دارستانه‌که و له‌وێ جلەکانم تووڕ دەدەم و خۆم ڕووت ده‌که‌مه‌وه، من شێتی ئەو ههوایەم کە خۆی له جه‌سته‌م هه‌ڵده‌سوێ، شێتی هه‌ڵمی هه‌ناسه‌ی خۆم، دەنگدانەوە، وردەشەپۆل، چرتە و سرته، ڕیشه‌ی ئه‌ڤین، ده‌زووله‌ی ئاوریشم، دووشاخه‌ی داران و مێو، هه‌ناسه‌دان و هه‌ناسه‌وه‌رگرتن، دڵه‌کوتێی خۆم، هاتوچۆی هه‌وا و خوێن به سییه‌کانمدا، بەرامەی گیای ته‌ڕ و وشک، بۆنی کەنار و گابه‌رده بۆره‌کانی کەنار، کا و کادێن، ده‌نگم و ئه‌و په‌یڤانه‌ی له ده‌ممه‌وه فڕکه ده‌که‌ن و به‌ره‌ڵڵای ناو گهڕهپێچه ده‌بن، چه‌ند ماچێکی به‌ئاسته‌م، چه‌ند ئامێزێک، ده‌ست وە ده‌ست که‌وتنێک، گه‌مه‌ی تیشک و سێبه‌ری نێو داران، کاتێ لکوپۆپه شلکهکان ده‌شنێنه‌وه، کامەرانی، چ ئه‌وه‌ی ته‌نیایی دەیدا، چ ئه‌وه‌ی کەڕەسیسەی جاده، یا ئەوەی شیناوه‌رد و قەدپاڵی گردان ده‌یبه‌خشن، کاتێ بای باڵی خۆم دەدەم، هه‌ستکردن به له‌شساخی، جریوه‌جریوی دانی نیوه‌ڕۆیان، تێچریکاندنی من، کاتێ له خه‌و راده‌بم و پێشوازی له خۆر ده‌که‌م. چما تۆ هه‌زار "ئێکه‌ر" زەوی به زۆر ده‌زانیت؟ چما تۆ گۆی زه‌وی به گه‌وره داده‌نێی؟ چما زۆری خایاند تا فێری خوێندنه‌وه بووی؟ زۆرت شۆگایی به خۆت هات، که له مانای هۆنراوه‌کانم گه‌یشتیت؟ ده هه‌ر ئه‌مڕۆ وەرە لام و شه‌وێکیشم لەتەکدا بەڕێ کە، ئەوسا چاوگەی هەموو هۆنراوه‌کانم دەبێته هی خۆت، هه‌رچی خێر و خۆشیی زه‌وی و خۆر هەیە ده‌بێته هی خۆت( خۆ هێشتا ملیۆنان خۆری دیکە هه‌ن)، ئیدی چیدی پێویستت به‌وه نابێ شت له ده‌ستی دووه‌م و سێیه‌م وه‌رگریت، یا به چاوی مردوو شت ببینیت، یا ببیته ده‌سنده‌خۆری ڕەشانگی ناو کتێبان، ته‌نانه‌ت ئەوسا به چاوی منیش ته‌ماشای دنیا ناکه‌ی، له منیش هیچ وه‌رناگریت، تۆ گوێ بۆ هه‌موو لایێک شل ده‌که‌یت و وەکوو پارزونگ هه‌موو شتێک دهپاڵێویت.