ئەرێ کەس لەدایکبوون بە بەختەوەری دادەنێ؟
بە تالووکەم تا بەو کەسە بڵێم،
مەرگیش هەمان بەختەوەرییە و
ئەمەم لا ڕوونە.
من لەگەڵ مردوواندا دەمرم و
لەگەڵ مەلۆتکەی تازەشۆراودا لەدایک دەبم،
من هەر بریتی نیم لەوەی نێوان جزمە و کڵاوەکەم،
کەسێکم لە شتە جۆراوجۆرەکان ورد دەبمەوە و
دەبینم هیچیان هاوتا نین،
هەمووشیان باشن-
زەوی باشە، ئەستێرە باشن و هەرواش هەیڤەکانیان.
من نە زەویم، نە هەیڤ،
من دۆست و هەڤاڵی گەلم،
هەر هەموویان، خۆم ئاسایی، نەمر و بێکۆتایین،
(ئەوان خۆیان نازانن چەند نەمرن، بەڵام من دەزانم.)
هەر توخمێک بۆ خۆی و خۆییەکانی هەیە،
بەڵام من، بەش بە حاڵی خۆم، بۆ نێر و مێ هەم،
بۆ منن ئەوانەی بە لاوێتی سەوداسەری ژنان بوون،
بۆ منە ئەو پیاوەی بە خۆی دەخوڕێ و
سووکایەتیپێکردن وەک چزوو پێیەوە دەدا،
بۆ منن کچۆڵە و قەیرەکچ،
بۆ منن دایکان و دایکی دایکان،
بۆ منن لێوانی بە خەندە و چاوانی بە فرمێسک،
بۆ منن زارۆک و ژنی دووگیان.
جلەکانت تووڕدە،
تۆ بەرامبەر من نە گوناهکاریت، نە کەمتەرخەم، نە بێزەوەر،
جا خۆ لەپشت پارچەیەک چیتیش خۆت وەشێریت هەر دەتبینم،
ئاخر من لە تەکتام،
شێلگیر و چاوچنۆک و خۆگر،
لێت وەڕەز نابم و ناتوانم دەستبەردارت بم.