زارۆیەک چنگۆڵەیەکی پڕ لە گیای بۆ هێنام،
پرسیی: « گیا چییە؟»
چما دەکرا وەڵامی بدەمەوە؟
خۆ من ‌هیچم لەو پتر پێ نییە تا بیدرکێنم.
مەزەندە دەکەم، گیا بەیداخی هەوا و هەوەسی من بێ و
لە کەرستەی سەوزی ئومێد چنرا بێ.
خۆ لەوانەشە دەستەسڕی پەروەردگار خۆی بێ،
بەو بۆن و بەرامە خۆشەوە،
بۆ دیاری بە ڕادان درابێ و
بۆ ئێمە وەک یادگارێک فڕێ درابێتە خوارەوە،
ڕەنگە لە شوێنێکیا، لە گۆشەیێکیا، ناوی خاوەنەکەی نووسرابێ،
بەڵکوو ئێمە بیبینین و بپرسین« ئەمە هی کێیە؟»
یا، دوور نییە، گیا خۆی منداڵێک بێ لە تۆرەمەی سەوزایی.
هەروا، مەزەندە دەکەم، پەیامێکی هیرۆگلیفیی یەکشێوە بێ،
پێمان بڵێ،
من جێگەم، چ گوشاد بێ چ تەنگ،
لەناو بنیادەمی ڕەشدا شین بم یا سپی،
بۆ کانوک و تۆکاهۆ و کۆنگرێسمێن و ڕەشپێستان،
بۆ هەموویان من هەر هەمانم و
بە یەک چاو تەماشای هەموویان دەکەم و هەمان شتیان پێ دەبەخشم.
کەچی ئێستا هەر بە کەزیی سپەهی و
هەڵنەپاچراوی گڵکۆیان دیتە بەرچاوم.
هۆ، گیای پۆڕبژ، وا من بە میهرەبانییەوە دەتلاوێنمەوە،
لەوانەیە، تۆ لە سنگی لاوان پەیدا بووبیت،
خۆ دەکرا، ئەگەر ئاشنام بوونایە، سەوداسەریان بم.
خۆ ڕەنگە تۆ لە مرۆڤی بەساڵداچوو،
یا لە لاشەی ئەو ساوایانە کەوتبیتەوە،
کە لە کۆشی دایکان ڕفێنران و
ئێستاش تۆ خۆت بووی بە کۆشی ئەوان دایکان.
ئەم گیایە زۆر تاریکترە لەوەی قژی سپیی دایکان بێ،
لەوە تاریکترە ڕدێنی بێڕەنگی پیران بێ،
لەوەش تاریکترە لە میچی ئاڵی ڕەنگپەڕیوی زارانەوە هاتبێ.
ئۆی، ئاخرەکەی هەڵمهێنا: خۆ ئەمە زمانە و دەدوێ،
خۆ ناکرێ، هەروا بێ هیچ مەبەستێک،
لە ساپیتەی دەمەوە بەربووبێتەوە.
خۆزگە دەمتوانی ئەو هەموو هێمایانە،
دەربارەی لاویژگە و کچۆڵانی مردوو، بەگۆ بێنم،
هەروا، دەربارەی ژن و پیاوانی بەساڵداچوو،
هەروەتر، دەربارەی ئەو منداڵە ساوایانەی لە کۆشی دایکان ڕفێنران.
تۆ بڵێی ئەو گەنج و پیرانە چییان بەسەر هاتبێ؟
ئەدی ئەو هەموو ژن و منداڵانە؟
ئەوان لە شوێنێکا زیندوون و بێوەی،
ساواترین چەکەرەی گیا نیشانەی ئەوەیە مردن نییە،
ئەگەر هەشبێ، ئەوا ژیان بەدوای خۆیدا دێنێ،
مەرگ چاوەڕێی کۆتایی ناکا تا دەستگیر بکرێ.
مەرگ تەنیا ئەو ساتەوەختە دەوەستێ کە ژیان دەست پێ دەکا.
هەموو شتێک هەر بەرەو پێش و بەرەو پێش تەکان دەدا،
هیچ شتێک هەرەس ناهێنێ،
مردن هەرگیز ئەوە نییە، کە تا ئەمڕۆ بە خەیاڵدا هاتووە-
.باشترە